ئەبووعەلی سینا، ناسراو بە شێخوڕڕەئیس، حەکیم و بیرمەند و پزیشکی هەرەناودار و بلیمەت و بیریاری کەموێنەی ئێران و جیهان، لە سەدەی چوارەمی هەتاوی لە شاری هەمەدان لەدایکبووە و دوای هەڕەتی منداڵی و لە جەنگەی مێرمنداڵیدا، عەودال و گیرۆدەی فێرخوازی و زانستخوازی بووە و هەر بەو هۆ و بۆنەیەش، هەڵوەدای گەلێک شار و باژێڕی گەورەی ئێرانی ئەوانسەردەمان بووە و لە خزمەت بیرمەندان و پزیشکان و فەیلەسووفان و زانایانی گەورەی ئێرانی ئەوکات چۆکی داداوە و ڕێچکە و ڕێبازی فێرخوازی و زانستخوازی و خوێندەواری داگرتووە و لە تەمەنی بیست ساڵی و دوای ئاژوان بەرە و لووتکەکانی زانستی عەقڵی و نەقڵی و پزیشکی و خواناسی و تێئۆلۆژی، وەک زانایەکی ناوبەدەروە و هەڵکەوتوو بە پلە و پایەی هەرە بەرزی بیرمەندی و حەکیمی و هۆزانی گەیشتووە و نوچکەکانی بڵیندی هەرێمی زانست و مۆڕاڵ و تێئۆلۆژی لەبن ڕکێفی خۆی ناوە و ناو و ناوبانگی وەک پزیشکێکی بێهاوتا و بێوێنە و داهێنەر، هەروەها وەک زانایەکی بلیمەت و هەڵکەوتەی بواری تێئۆلۆژی و فەلسەفە، بە تێکڕای ئێران و جیهانی ئیسلام و تەنانەت تێکڕای دونیای ئەوکاتیدا بڵاوبۆتەوە. ئەبووعەلی سینا، جیا لە بواری پزیشکی و تێئۆلۆژی، هەروەها لە پەرەپێدەرانی پێشەنگ و داهێنەر بووە لە بواری فەلسەفەی مەششادا.
یەکێک لە بەرهەمە هەرە تەکووز و ناوازە و بەپێز و داگر و گشتگیر و بێجیگرەوەکانی، "قانون در طب"ـە لە بواری پزیشکیدا، کە بە زمانی عەڕەبی نووسیویەتی و دوابەدوای نووسین و بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمە زانستی و هەرماوە، لە زۆربەی هەرە زۆری فێرگەکان و خوێندنگا زانستییەکانی ئەوان سەردەمان وەک دەقی دەرسی خوێندراوە و بۆتە کتێبی دەرسیی فێرگە پزیشکی و زانستییەکان. لە سەدەکانی دواتریش و هەتا هەنووکەش لە زانستگاکانی وڵاتانی پێشکەوتوو و پەرەسەندووی جیهاندا وەک کتێبی دەرسی، بە وانە وتراوەتەوە.
مامۆستا هەژار لە مەودای دوورودرێژی ساڵەکانی 54 هەتا 61ـی هەتاویدا و بە ورە و وزە و لەخۆبردوویی و حەول و تەقەللایەکی تاقەتپڕووکێن، سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەو شاکارە زانستییە بووە به زمانی فارسی و سەرکەوتووانە لە عۆدەی وەرگێڕانی ئەم شاکارە تەرز و بەرزەی ئەبووعەلی سینا هاتۆتەدەر و ئەم بەرهەمە بەپێز و مەزنە لە
8بەرگدا و لە لایەن بڵاوکەرەوەی سرووش بە دەیان جار چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
خاتوو ماپەرە لاهیجانی، نووسەر و توێژەری کۆڵنەدەر و شێلگیری موکریانی و هاوشاری مامۆستا هەژار، دوای 4ساڵی ڕەبەق حەول و دەول و تێکۆشان و مشوورخۆری و پەیجۆری و خەمخۆری و خۆماندووکردنێکی تاقەتپڕووکێن، توانیویەتی بەرگی هەوەڵی ئەم ئاسەوارە زانستییە شاز و ناوبەدەرەوەیە، لە زمانی فارسی ڕا وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی و لە هاوینی ئەم ساڵدا(1402ـی هەتاوی) چاپ و بڵاوی کاتەوە.
ئەوەی کە وەک خاڵێکی سەرنجڕاکێش جێی ئاماژە و تێڕامانە، ئەوەیە کە دەبیندرێ خاتوونانی کوردی ڕۆژهەڵات وردە وردە و وارگە وارگە، گەیشتوونەتە قۆناغی متمانەبەخۆیی بۆ دانان و ئافراندنی بەرهەمی جیددی و بنەڕەتی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا؛ وەک وێنە و نموونەی ئاسەواری جیددی و بنەڕەتیی بواری نووسین و لێکۆڵینەوە دەتوانین ئاماژە بە فەرهەنگی 9بەرگی ڕەنگەکانـی خاتوو سەحەرموعیزیـی سنەیی بکەین کە ئاسەوارێکی جیددی و بنەڕەتیی بواری فەرهەنگنووسی لە ئەژمار دێ؛ هەر وەها وەک وێنە و نموونەی ئاسەواری جیددی و بنەڕەتی له بواری وەرگێڕان جێی خۆیەتی ئاماژە بە وەرگێڕانی کوردیی "قانوون لە پزیشکیدا" بکەین کە بە مشوورخۆری و حەول و دەول و تێکۆشان و ئەرکی بەرپرسیارانە و ماندوویینەناسانەی لێکۆڵەر و وەرگێڕی مەهابادی، خاتوو ماپەرەی لاهیجانی هاتووتە بەرهەم و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کراوە. ئەوەی ڕاستی بێ بەرهەمهێنانی ئەو دوو ئاسەوارە بەپێز و بەهێز و جیددی و بنەڕەتییە، خۆی لەخۆی دا هێمای ئەوەیە کە خاتوونانی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای قۆناغی پیرۆزی خوڵقاندنی ئاسەواری جیاواز لە نەریتی پێشوو و باوی خۆیانن و دەستیان داوەتە ئیشی جیددی و بنەڕەتی و بەپێز. هەر لەو ڕوانگەیەوە دەکرێ، وەرگێڕانی کوردی" قانوون لە پزیشکیدا" بە پێنووسی خاتوو ماپەرە لاهیجانی، بە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئیشی جیددی و بنەڕەتیی ژنانی موکریان لە ئەژمار بهێنین؛ هەروەها فەرهەنگەکەی خاتوو سەحەر موعیزیـیش دەکرێ وەک پێشەنگی ئیشی جیددی و بنەڕەتی لە بواری لێکۆڵینەوەیی و فەرهەنگووسیی ژنانی ڕۆژهەڵات لە ئەژمار بێت. وێڕای ئەوپەڕی دەستخۆشی لە خاتوو ماپەرە لاهیجانی و ئاواتی سەرکەوت و پێشکەوتی پتر لە پێشوو، لە خوای تاک و پاک و بێمیناک دەخوازین کە یارمەتیدەر و داڵدە و داشداری بێ بۆ وەرگێڕانی بەرگەکانی تری ئەم ئاسەوارە بەرز و هەرماو و ناوازەیە؛ هەروەها ئاواتەخوازین ڕێبازی داهێنەرانە و نوێباوی ئەو دوو خاتوونە مەزنە کوێر نەبێتەوە.
بۆچوونهکان